The war in Gaza has been going on for more than two weeks, some observers believe that the Kurdish media has a record of mistakes in covering the news related to this war.
In this special conversation with Arslan Rahman, the manager of the Rozhnamawan site, we discussed this issue.
Mr. Arslan Rahman believes that the Kurdish media have made serious strategic, ethical and legal mistakes in covering the news of the recent war, and they are the result of the biased coverage of this war, playing with the religious emotions of the audience, the lack of neutrality in the coverage, and the lack of a Kurdish point of view and thematic point of view in the Kurdish media .

“میدیا کوردی لە شەڕی غەززەدا کەوتووەتە هەڵەی ستراتیژی، ئیتیکی و یاسایی گەورەوە”

SNN

ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە شەڕ و ئاڵۆزی لە نێوان ئیسرائیل و چەکدارە فەلەستینیەکانی غەززە دەستیپێکردووە و ئەوەی بووەتە مایەی سەرنج و رەخنەی بەشێک لە چاودێران، چۆنێتی رووماڵکردنی ئەو شەڕەیە لەلایەن میدیای کوردییەوە.

بۆ تاوتوێ کردنی ئەو بابەتە لەگەڵ رۆژنامەوان ئەرسەلان رەحمان بەڕێوەبەری وێبسایتی رۆژنامەوانی کە تایبەتە بە پیشەی رۆژنامەوانی گفتوگۆیەکمان ئەنجامداوە.

ئەو رۆژنامەوانە ئاماژە بە پێنج خاڵ دەکات وەک کەموکورتی لە رووماڵی میدیا کوردی بۆ رووداوەکانی غەزە لە ماوەی رابردوودا و بەم جۆرە پۆلێنیان دەکات: بڵاوکردنەوەی بابەتی ساختە و فەیک، جوڵاندن و هەڵخراندنی سۆز و هەستی وەرگر، ناهاوسەنگی لە رووماڵ، ختووکەدانی هەستی ئایینی، نەبوونی خوێندنەوەی کوردی بۆ شەڕەکە.

ئەرسەلان رەحمان بەم جۆرە و بەچەند نمونەیەک ئاماژە بەو کەموکورتیانە دەکات کە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی غەزەوە تێبینی کردووە:

“لە ڕاستیدا میدیای ئێمە کاتێک ڕووماڵی ئەو شەڕە و هەر بابەتێکی دیکە دەکات، دەکەوێتە هەڵەی ستراتیژی، ئیتیکی و یاسایی گەورەوە، لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەیی ڕووماڵدا تێبینی چەند خاڵم کردووە، یەکەم ژمارەیەکی زۆر گرتەی ڤیدیۆیی، هەواڵ و بابەتی فەیک و ساختە لە پاڵ ڕووماڵی رووداوەکان لە لایەن میدیایی کوردییەوە بڵاوکراوەتەوە یان بەسەریاندا تێپەڕیوە، بە بێ ئەوەی درک بەوە بکەن کە ئەمە ساختەیە، لە دواترین نموونەشدا بەشێک لە میدیا و کەناڵەکان بڵاویانکردەوە کە گوایا ژنێکی بەساڵاچوو، سەربازەکانی ئیسرائیل بە گۆچانەکەی دەستی لە مزگەوتی ئەقسا دەردەکات و شانازیان بەوەدەکرد کە زیاتر لە 10 میلیۆن بینەری هەبوو، بەڵام کە لێتدەکۆڵییەوە ئەو گرتەیە هیچ بنەمایەکی ڕاستی و پەیوەندی بە شەری غەززەوە نەبوو و کاتی تۆماریشی بۆ ساڵێک یان دوو ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕایەوە، ئەمە وەکوو لایەنی فەیک.

دیمەنی پلەیستەیشن وەک دیمەنی راستەقینە بڵاوکراوەتەوە

 هەروەها کەناڵ هەبووە گرتە ڤیدیۆیی یارییەکانی (گەیم) بڵاوکردبووەوە و نوسیبووی ببینە حەماس چۆن هەلیکۆپتەرێکی ئیسرائیل تێکدەشکێنێت، لە کاتێکدا تا ئەم چرکەیە ئیسرائیل هەلیکۆپتەری لە شەڕەکەدا بەکار نەهێناوە و حەماسیش هیچ هەلیکۆپتەرێکی نەخستووەتە خوارەوە، بەڵکوو گرتەکە لە دیمەنێکی گەیم و یارییە پلەیستەیشنەکان وەرگیرابوو و کەناڵەکە درکی بەوە نەکردووە ئەوە دیمەنێکی ڕاستەقینە نییە، بەڵکوو یارییە.

هەندێک میدیا لە بری زانیاری بەخشین حەز دەکەن خەڵک بگریێنن

خاڵی دووەم، بەشێک لە میدیا و کەناڵەکانی ئێمە، کاتێک ڕووماڵی ڕووداوەکان دەکەن حەز دەکەن خەڵک بگریێنن، حەزیان لێیە هەستی بەزەیی دروست بێت و دەروونی وەرگر ئازاد بدەن، دەڵێت: ‘دڵت بەرگە دەگرێت؟ ئەگەر بەرگە ناگرێت ئەم دیمەنە مەبینە، ئەم دیمەنە دڵ دەکات بە ئاو، ئەم گرتەیە شۆکهێنەرە، لەم گرتەیەدا ببینە چۆن منداڵێکی فەلەستینی بۆ دایکی دەگریەت. حەز دەکات تۆ لەگەڵی بگریەیت، حەز دەکات تۆ شیوەن بکەیت، ھەست و سۆزت بەدەم دیمەنەکانی شەڕی غەززە وێران بێت، لە کاتێکدا بنەمای سەرەکی ئەوەیە کە میدیا زانیاری و ئامارەکانمان بۆ بگوازێتەوە و نەخشەکانمان نیشان بدات، ستراتیژیەک یان خوێندنەوەمان پێشکەش بکات یاخود پێمان بڵێت ئەم شەڕە چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی واقعی ئێمە هەیە. ئەوەمان پێ ناڵێت تەنیا حەز دەکات ئێمە بگرین، لایکی بکەین و قسەی نەشیاو بە زایۆنیزم، جولەکە و ئەمریکا بدەین و نەفرەتیان لێبکەین و لەلایەکی دیکەوە پشتگیری لەو گرووپ و کۆمەڵە چەکدارە فەلەستینیانە بکەین و پێیان بڵێین ئەمانە ستەملێکراو، گوناهن و مافی خۆیانە.

وەرگر خۆی بڕیار بدات ئایا ئەمە ئیسرائیل تاوانبارە یان فەلەستینییەکان

خاڵی سێیەم، ناهاوسەنگی هەیە لە ڕووماڵکردندا، بۆ نموونە بینیومە کەناڵێک لە ماوەی 24 کاتژمێردا 67 پۆستی بڵاوکردووەتەوە و لەو 67 پۆستە، 48 پۆستی لەسەر غەززەیە و لەو 48 پۆستەش تەنیا 7 بۆ 8 پۆستیان گوزارشت لە دیدگا و تێڕوانینی ئیسرائیل دەکات و ئەوانی دیکە لە کامێرا و چاوی حەماسەوە دەڕوانێت بۆ پرسەکە، لەو کاتەدا ئۆتۆماتیکی منی وەرگر دەکەومە ژێر کاریگەری ئەو پڕوپاگەندانەی کە حەماس بەرهەمیان دەهێنێت و وێنەکە ڕاستەقینە نابینم. لە کاتێکدا لایەکی شەڕەکە فەلەستین و لاکەی دیکە ئیسرائیلە و هەردووکیان بۆچوون و تێڕوانینی خۆیان بۆ شەڕەکە هەیە و هەر دووکیان لە ڕووی لایەنی دینی خۆیان شەڕەکەیان بەلاوە گرنگ و پیرۆزە، ھاوکات هەر دووکیان خۆیان لەسەر حەق دادەنێن. دەبێت میدیا هەر دوو دیدگاکەمان بۆ بگوازێتەوە، ئیتر وەرگر خۆی بڕیار بدات ئایا ئەمە ئیسرائیل تاوانبارە یان فەلەستینییەکان و ئەو بڕیاردانە دەمێنێتەوە بۆ وەرگر، بەڵام بەو شێوەیە ناگوازرێتەوە، بەڵکوو میدیایی ئێمە لێشاوێک لە هەواڵ، ڤیدیۆ و فیلمی غەززەییەکان بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی خەڵک قسەی نەشیاو بە ئیسرائیل و ئەمریکا بدەن.

23 وڵاتی عەرەبی تا ئێستا کەسیان بەو جۆرە رووماڵ و کاریان لەسەر نەکردووە

خاڵی چوارەم، ورووژاندنی هەستی ئایینیانەی خەڵک بەرامبەر بە شەڕەکە و پێناسەکردنی شەڕەکە بە شەڕی کفر و ئیمان، شەڕی ئیسلام و جوولەکە، شەڕی حەق و ناحەق و شەڕی ڕەش و سپی، هەرچەندە کەناڵەکان ڕاستەوخۆ پیمان ناڵێن، بەڵام کەناڵە ئیسلامییەکان ڕاستەوخۆ پێت دەڵێن. کەناڵەکانی دیکە ڕاستەوخۆ ئەوەت پێناڵێن بەڵام دەبینیت کەناڵێک کە مانگانە میلیۆنان دۆلار خەرجی کەناڵەکەیەتی گرتەی ڤیدیۆیی دابەزاندووە و دەڵێت: “بڕوانە قورئانی پیرۆز لە مزگەوتەکەدا سوتاوە، مزگەوتێک رووخا، سووتا، منداڵێک قورئان دەخوێنێت، مسوڵمانێک نوێژ دەکات، مسوڵمانێک پێش ئەوەی شەهید بێت یان گیانی لەدەستبدات شایەتمانی هێناوە، فرۆکەکانی ئیسرائیل مزگەوتێکیان بە نوێژخوێنەکانی ناوییەوە خاپوور کرد”، ئەم جۆرە یاریکردنانە بە هەستی ئایینی خەڵک زۆر زۆرە و وایکردووە جۆرێک لە هەستی دینی بەرامبەر بە شەڕەکە دروست بێت، لە کاتێکدا 23 وڵاتی عەرەبی تا ئێستا کەسیان بەو جۆرە رووماڵ و کاریان لەسەر نەکردووە و هیچ یەک لەو وڵاتانە بە شەڕی ئیسلام و کفر دایان نەناوە، بە شەڕی فەلەستینیش دایاننەناوە، چوونکە فەلەستین هەر غەززە نییە و کەناری خۆرئاواشە، کە لە ژێر دەسەڵاتی مەحمود عەباسدایە، با ئێمە ڕاستییەکان ببینین، مەحمود عەباس کە سەرۆکێکی فەلەستینیە هێشتا بەشداری شەڕەکەی نەکردووە، بەڵام لێرە لە ڕێگەی دینەوە و لە ڕێی وروژاندنی هەست و سۆزی خەڵکەوە دەیانەوێت خەڵک بچێتە ناو شەڕەکەوە.

پرسیاری چوون و نەچوونی کورد بۆ غەزە زەق دەکرێتەوە لە کاتێکدا مەحمود عەباس بەشداری شەڕەکەی نەکردووە

شتێک لە نێو ئیسلامییەکاندا، عەلی باپیر بۆ خۆی ناچێت بۆ شەڕەکە؟، عەلی باپیریش خۆی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت سنوور گیراوە، سەیری ئەو کارەساتە بکە کە لە ناو کورددا دەگوزەرێت. سنوور گیراوە، ئەگینا پیاوی ئازا هەیە خۆی بگەیەنێتە غەززە و ئێمە لە شەڕ نەترساوین. لە کاتێکدا خەڵکی کەناری خۆرئاوای فەلەستین خۆیان ناچن بۆ شەڕەکە، بە میلیۆنان فەلەستینی لە ئۆردەن، لوبنان و سوریا بوونیان هەیە، خۆیان ناچن، واتا بۆچی دەبێت ئەو پرسیارە لە نێو ئێمەدا زەق دەکرێتەوە؟.

خاڵی پێنجەم، لە بارەی رووماڵی ئەو شەڕە کە دەمەوێت باسی بکەم، نەبوونی تێگەیشتن و خوێندنەوەی کوردییە بۆ شەڕەکە، واتا نابینین کەناڵەکانمان بێن کەسایەتییەکی ئاکادیمیایی کوردی بهێنن، کە لانیکەم توێژینەوەی لەو بوارەدا هەیە، یان شارەزای ئەم ململانێ نێودەوڵەتی و ناوچەییانەیە و لەبارەی قسە و هەڵسەنگاندن بکات، دەچن دەگەڕێن مامۆستایەکی ئایینی، بانگخوازێک دەهێنن قسەی لەسەر بکات، یان کەسایەتییەکی سیاسی ئیسلامی دەهێنن کە هەڵسەنگاندن بۆ رووداوەکانی غەززە بکات و ئەمانە هەمووی بە مەبەستی دینی دەکەن، بە کفر و ئیمان، ئیسلام و جوولەکە ئەم لێکدانەوەیە دەکەن. بە گشتی دەتوانم بڵێم تێگەیشتن و خوێندنەوەی کوردیانەمان بۆ پرسەکە نییە و میدیا ئەو خوێندنەوەی پێشکەش نەکردووین. کەناڵەکان هێندەی سەرقاڵی وەرگێڕانی خوێندنەوەی ئیخوان موسلمین، گرووپە جیهادییەکان و عەرەبە شۆڤینیەکانن بۆ پرسەکە، ئەوەندە گرنگی بەوە نادەن بۆ نموونە توێژەرێکی ناوداری جیهانی بهێنن و بزانن ئەوان خوێندنەوەیان بۆ شەڕەکە چۆنە.

سەبارەت بە هۆکارەکانی زۆربوونی ئەو خاڵانەی کە وەک لادان لە رووماڵێکی بابەتیانە و پیشەیی دادەنرێت، ئەرسەلان رەحمان باسی لەوە کرد کە یەکەم و گرنگترین هۆکار نەبوونی عەقڵ و بیرکردنەوەی میدیاییە لەناو کورد و ئەوەی کە هەرگیز بە چاوی رەخنەگرانە و بەردەوام هەڵسەنگاندن بۆ خۆی ناکات، جیا لەمانە نەبوونی چاودێری و هەروەها گوتاری میدیاییش لە هۆکارەکانی دیکەی بوونی ئەو کەموکورتیانەن لە رووماڵی شەڕی غەززە لەلایەن میدیای کوردیەوە.

“هۆکارەکان زۆرن، یەکەمیان لاوازی کوالیتی میدیاکارانە، لای ئێمە ئەقڵی میدیایی پێنەگەیشتووە، واتا ئەو ئەقڵییەتەی بتوانێت میدیا هەڵسوڕێنێت و ئیدارەی ڕاگەیاندنی میدیاکان و رۆژنامەنووسان بکات، ئێمە لەوەدا لاوازین، واتا دەزگایەکی گەورە مانگانە بە میلیۆن دۆلار خەرجییەتی و 600 کارمەندی هەیە، سەرجەم تەکنیکە باشەکانی کەناڵێکی پێشکەتووی لەبەردەستدایە، بەڵام کە دێتەسەر کار و بەڕێوەبردنی کەناڵەکە لە ڕووی میدیاییەوە، دەبینین ئەم کەناڵە ئەقڵی میدیایی تێدا نییە، بۆ نموونە دەکەوێتە شوێن پەیجێکی زۆر ئاسایی، کە دەتوانێت ئەو کەناڵە چەواشە بکات و بەلاڕێیدا ببات، بە هۆی ئەوەی ئەقڵی میدیایی لەو کەناڵەدا ئامادە نییە. بۆ نموونە من بەڕێوەبەری سایت و سۆشیال میدیا لە کەناڵی زۆر ناودار دەناسم دەرچووی بەشی شەریعەیە و لە ژیانیدا نەیتوانیوە هەواڵێک دابڕژێتەوە، هەواڵێک بەرهەم بهێنێت. 

هۆکاری دووەم، ئێمە نایەین ڕەخنە لە خۆمان بگرین، واتا هیچ کەناڵێک نییە هەڵسەنگاندن بۆ ئەدای خۆی بکات، شەش مانگ جارێک یان ساڵانە، لە دوای هەر رووماڵێک کۆببێتەوە و گفتوگۆی لەبارەوە بکات، پرس وڕا بە مامۆستایانی ئاکادیمی و بینەری هۆشیار بکات، ئێمە ئەو بابەتەمان ڕووماڵکرد، بۆچوونتان لەبارەیەوە چییە؟ چی بکەین باشە؟، ئەم هەڵسەنگاندنە بوونی نییە، بە جێگەی ئەم ڕەخنە لەخۆگرتنە، کەناڵەکان سەرقاڵی کاسپی کردنن و هەر یەکەیان دەڵێت من ئەوەندە بینەر و ڤیووم هەبووە لە هەفتەیەک یان مانگێکدا، بەڵام ئایا ئەمە هیچ ئەنجامێکی هەیە؟ نە ئەنجامی هەیە و نە واتایەک، بۆ نموونە کەناڵێک بڵاویکردبووەوە، تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئەوەندە میلیۆن ڤیوومان هەبووە، کە سەیرت دەکرت، ڤیووەکە بۆ سێ چرکەی سەرەتا بووە، ئەوە ماقوولە کەناڵێکی گەورە ئەو هەمووە خەرجییەیی تێدا دەکرێت، شانازی بەوەوە بکات کە خەڵک سێ چرکە بابەتەکانی بینیبێت. سێ چرکە واتا پەیامەکە نەگەیشتووە و تەنیا ڤیدیۆکەیان چەند چرکەیەک بەرچاو کەوتووە و ئەمە پێوەرێکی لۆژیکی نییە.

ماقوولە کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەت بە ئاراستەی پێچەوانە بجوڵێتەوە

هۆکاری سێیەم، گوتاری ڕاگەیاندن لە میدیایی کوردیدا بوونی نییە، ئێمە نازانین هەندێک کەناڵی گەورەی کوردی بە 400 بۆ 600 کارمەندەوە بۆ چی دامەزراوە و بۆ چی هەیە، واتا نازانن گوتارەکە دەبێت چی بێت، نازانێت دەبێت چ گوتارێک ئاراستەی وەرگر بکات، بۆ نموونە پشتیوانی لە سیاسەتی حکومەت دەکات، بەڵام حکومەت هەڵوێستی چییە لەبارە شەڕی غەززەوە؟، ئەمەیە کێشەکە، ئێمە یەک ڕاگەیەندراوی وتەبێژی حکومەتمان هەیە لەبارەی هێرشی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی، کە تێیدا ئاماژە بە ناوی ئیسرائیل نەکراوە، کە حکومەتی هەرێم نایەوێت بە ئاشکرا بێتە ناو ئەو بابەتەوە و لەبارەیەوە قسە ناکات و خۆی دوورەپەرێز گرتووە، ماقوولە کەناڵەکەی سەرۆکی حکومەت بە ئاراستەی پێچەوانە بجوڵێتەوە، ئەمە کێشەکەیە. کەناڵی ئیسلامییەکان دەزانن، پەیام دەزانێت بۆ هەیە، سپێدە دەزانێت بۆ هەیە، ئامۆژگاری دەزانێت کار و ئامانج لە دامەزراندنی چییە، هەندێک کەناڵ هەن نازانن ئەرکەکەیان چییە و گوتارەکەیان چییە، چوونکە وەک لە هۆکاری یەکەم ئاماژەم پێکرد ئەقڵی میدیایی تێیدا ئامادە نییە.

هۆکاری چوارەمی دووبارە بوونەوەی ئەو ھەڵانە، نەبوونی چاودێرییە، ئێستادا لە کورستانە کەناڵەکان هەر چییەک بکەن کەس نییە چاودێریان بکات، ھیچ جۆرە چاودێرییەک بوونی نییە، بۆ نموونە بڵێت فڵانە کەناڵ لە ھێڵی نیشتمانی لاتداوە و ئاسایشی نیشتمانیت خستووەتە مەترسییەوە، یان فڵان کاناڵ نابێت بەو شێوەیە پێشێلکاری یاسایی و ئیتیکی بکەیت. نە سەندیکا ڕۆڵی ھەیە، نە دەزگای ڕاگەیاندنی پیشەیی و نە پەیمانگا و سەنتەری تایبەت بە چاودێرییمان ھەیە، ھیچ شتێکمان نییە و ھەر کەسە و چۆنی پێخۆشە کار دەکات، ئەنجامەکەشی ئەوەیە کە ھەڵە، ھەڵە بەرھەم دەھێنێتەوە، ئەو کەناڵانە ئەوەندە ھەڵەیان کردووە، کە ھەڵەکانیان لێبووەتە ڕاستی، کە ڕاستییەکەی نیشان دەدەیت، دەڵێت نا وانییە ئێمە چەند ساڵە بەو شێوەیە کار دەکەین”.

لە کۆتا بەشی گفتوگۆکەدا ئەرسەلان رەحمان بەڕێوەبەری ماڵپەری رۆژنامەوانی سەبارەت بە ئەدای میدیای جیهانی لەم شەڕەدا وتی، ئەو میدیایانە هەرگیز بێلایەن نین و لە بنەڕەتەوە میدیا بێلایەن نییە و بەپلەی یەکەم بەرژەوەندی ئەو وڵات و لایەنانە دەپارێزن کە پشتیوانیان لێدەکەن.

میدیای ڕۆژئاوا بووەتە بەشێک لە شەڕەکە

“ئێمە نابێت ھیچ کاتێک باوەڕمان بەوە بێت یان بەوجۆرەی بیر بکەینەوە کە میدیا بێلایەنە، شتی لەو جۆرە لە دونیادا بوونی نییە، میدیا نابێت بێ لایەن بێت، ئەگەر لە ئێستادا بێ لایەنە باشتر وایە دایبخەیت، چونکە ئەی بۆ پارەی بۆ تەرخان دەکەیت، بۆ تیمی بۆ کۆکراوەتەوە و کاری لەسەر دەکرێت. ئەوەی بڵێت میدیا بێ لایەنە لە میدیا تێنەگەیشتووە، دەبێت ئەم ھەڵە تێگەیشتنە لای خۆمان ڕاستی بکەینەوە، کە میدیا شتێک نییە ناوی بێ لایەنی بێت، میدیای ڕۆژئاوا بووەتە بەشێک لە شەڕەکە، واتا ئەگەر لەپاشخانی کەناڵەکان بکۆڵیتەوە یان ڕاستەوخۆ خاوەنداری بۆ سەرمایەدارێکی ئیسرائیلی یەھودی دەگەڕێتەوە، یان سەرمایەدارێکی ئیسرائیلی پشکی تێدایە، بەو پێیە میدیاکە بووەتە بەشێک لە شەڕەکە واتا چاوەڕێی چی لێدەکەیت، خۆی لە ناو شەڕکەدایە، ھەر بۆیە میدیایی رۆژئاوایی بە گشتی لە کۆنەوە لایەنگرییان بۆ خۆیان لەپێشترە تا بابەتیبوون، کە دێتە سەر بابەتێک کە لە بەرژەوەندیان بدات، بابەتیبوون نامێنێت. ئێمە تێگەیشتێکی ھەڵەمان لەوبارەیەوە ھەیە، کە بەو جۆرە بیر دەکەینەوە میدیاکانی ڕۆژئاوایی پیشەییانە کار دەکەن. نەک بۆ شەڕی غەززە، لە رووماڵی ھەموو بابەتەکاندا دەزگاکان بەرژەوەندی خۆیان دەپارێزن و سیاسەت و ئەجیندای خۆیان بەبنەما دەگرن. بۆ ئاستێک دانابەزن کە ھەر کەس ھات و قسەیەکی کرد بڵێن بەڵێ ئێمە وەھا دەکەین. چەندین ساڵی دیکەش ڕووماڵی شەڕی فەلەستین بکەن، پشتی ئیسرائیل بۆ فەلەستین بەر نادەن، ھەر بۆیە لەسەر ئەو فەلسەفەیە دامەزراون.

بە گشتی وای بۆ دەچم، نابێت چاوەڕوانی ھەڵوێستی گەورە لە میدیایی ڕۆژئاوایی بکەین، وەڵاتی ئەو میدیایەش وابەستەیە بە بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیلەوە، لەو ساتە گرنگ و ھەستیارانەدا ئەجینداکەی رووندەبێتەوە، لە ڕاستیدا بۆ ئەو مەبەستەش کار دەکات”.