My latest articles on AWENE website, about Iran’s new conspiracy against Kurdish political opponents, who are based in Iraq.

I had previously mentioned Iran’s new plan in another article in English.

محەمەد ئەمینی

ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرهەڵستکارە کوردەکانی لە هەرێم سێ داواکاری خستووەتە بەردەم لایەنی عێراقی کە لە راستیدا سێ مینی مەترسیدارن و ئەگەرچی بە رواڵەت بۆ تەقاندنەوەیانە بە ڕووی بەرهەڵستکارەکانی، بەڵام پارچە و زیانیشی بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت.

رۆژی سێ شەممە عەلی خامنەیی لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق وتی، ” ئێستا لە بەشێکی خاکی عێراقەوە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی ئێران هەیە، تەنها رێگا چارەسەر گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندە بۆ ئەو ناوچانە”.

بەر لە هەفتەیەک محەمەد کازم ئالسادق باڵیۆزی ئێران لە عێراق-کە ئەویش وەک باڵیۆزەکانی پێش خۆی سەر بە سوپای قودسە- بە روونی ناوەرۆکی سێ داواکاری تاران لە بەغدای خستەڕوو:

– کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان لەلایەن هێزەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق.

-چەکداماڵین لە ئۆپۆزسیۆن ئێرانی و جێگیرکردنیان لە کەمپەکان وەک پەنابەر

-ئاڵوگۆڕ و رادەستکردنەوەی داواکراوان بە پێی لێکتێگەیشتنی پێشوویان.

باڵیۆزەکەی ئێران ئاشکراشی کرد، کە لایەنی عێراقی لە سەر دوو داواکاری رەزامەندی داوە و بۆ پرسی چەکداماڵینیش داوای کاتی کردووە!

هەموو ئەمانەش هاوکاتن لەگەڵ چڕکردنەوەی هێرشە موشەکی و درۆنییەکانی بۆ سەر پێگە و بنکەی بەشێک لە حزبەکان و کۆکدنەوەی هێز لە سنوورەکان.

هەر لەوکاتەوە سەبارەت بە خاڵی یەکەم واتە جێگیرکردنی هێزەکانی حکومەتی ناوەندی لە سنوورەکان زۆر هەنگاو نراون و نوێترین زانیارییش ئەوەیە کە سنوورەکانی عێراق لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا لە لایەن ئەو لیوایانەی سەر سوپای عێراقەوە بپارێزرێن، کە بڕیارە پێکبهینرێن و بۆ ئەو مەبەستەش دەست بە دامەزراندنی 6 هەزار کەس دەکرێت.

بەڵام ئەوەی لە لێدوان و داواکاری ئێران دەخوێندرێتەوە لەسەرووی ئەمەوەیە، -وەک خامنەیی بە روونی وتویەتی، باس لە گێڕانەوە دەسەڵاتی بەغدا دەکات بۆ ئەو ناوچانە-، دیارە لە درێژخایەندا ئەم مینەی ئێران چاندوویەتی زیاتر مەبەست لێی بە ئامانجگرتنی قەوارەی هەرێم بێت، تا رێگری لە جموجۆڵی نەیارەکانی.

بابەت یان مینی دووەم کە دەوترێت عێراق رەزامەندی لەسەرداوە، پرسی ئاڵوگۆڕ و رادەستکردنەوەی داواکاراو و تۆمەتبارانە، لەمەشدا لە رووی ئەوەی لە دەسەڵاتی ئێران کە داتاشینی تۆمەت و قوتکردنەوەی سکاڵاکاری کەسی لە سەر نەیاران و بەرهەڵستکارانی مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە، بەجوڵاندنی ئەو کەیسە ساختانە دژی نەیارەکانی کە نیشتەجێی عێراقن، هەوڵ دەدات، عێراق بکاتە نائەمنترین و نەگونجاوترین شوێن بۆ مانەوەی نەیارکانی.

بە کورتی ئەمەیان بریتی لەوەی بەرگێکی یاسایی بە بەر رفاندن و راوەدونانی نەیارە سیاسییەکانیدا دەکات و هەر تاکێکی بەرهەڵستکاری سیاسی ئێران هاوکات دەبێتە داواکراوێک و لە یاسا هەڵاتوویەک و کەی ئێران بیەوێت و کێی بوێت داوای دەکات.

سێهەم مەترسی بابەتی چەکداماڵین و نیشتەجێ کردنی حزبە بەرهەڵستکارەکانیەتی لە کەمپی پەنابەران. ئەمە رێک هەمان ئەو ئەزمونەیە کە مجاهیدینی خەلق لە دوای ساڵی 2003ەوە پێیدا تێپەڕبوو، لە سەربازگەی ئەشرەفە بۆ لیبێرتی و دواتر کردنە ئامانجیان لەلایەن گروپەکانی سەر بە ئێران و پاشانیش کۆتاییهاتنی هەبوونی سی ساڵەیان لە عێراق لە ساڵی 2016.

هەرچەندە جیاوازی یەکجار زۆر لە نێوان حزبەکانی رۆژهەڵات و موجاهیدین هەیە، بەو پێیە لە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی پێشوودا بە پێچەوانەی موجاهیدینەوە پەرێزی حزبەکانی رۆژهەڵات خاوێنە و زیانیان بە خەڵکی عێراق نەگەیاندووە، هەروەها  ئەوەی لەناو هاوزمان و هاو نەتەوەی خۆیاندان، بەڵام دواجار ئامانجی ئێران دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆیە.

هەر بۆیە و سەرەڕای ئەو جیاوازیانەش دەبێت ئەو مەترسیانە لە لایەن حزبەکانی رۆژهەڵاتەوە بەهەند وەربگیرێن و لە ئێستاوە رێوشوێنی بەرامبەر بگیرێتەبەر. بەوپێیەی حزبەکان و حکومەتی هەرێمی هەرێمیش ناتوانن زیاتر بەرگەی چڕبوونەوەی گوشارەکان بگرن کە هەم لەتاران و هەمیش لە بەغداوە دەخرێتەسەریان.