
بۆ سێهه‌م شه‌وی له‌سه‌ره‌ك و له یادی خۆپیشاندانه‌كانی 2019 له كه‌سێكی باراناوی و سارد دا خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له زۆربه‌ی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران به‌ڕێوه‌چوو، دیسانیش رۆژێكی خوێناوی تر له رۆژمێری سه‌رهه‌ڵدانی ژن، ژیان، ئازادی تۆمار كرا و زێدی خومه‌ینیش په‌یوه‌ست بوو به خۆپیشاندانه‌كانه‌وه.
له شاری خۆیه‌وه تا ئیلام له زۆربه‌ی شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چوو، به تایبه‌تی له ورمێ، مه‌هاباد، بۆكان، سه‌قز، دیوانده‌ڕه، سنه، كامیاران، كرماشان، ئابدانان و ئیلام.
به‌پێی سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ له سنه دوو خۆپیشانده‌ر به ناوه‌كانی ئارام حه‌بیبی و شاهۆ به‌همه‌نی، له بۆكان، مه‌هاباد و سه‌قزیش سێ خۆپیشانده‌ر به ناوه‌كانی غه‌فور مه‌ولودی، ئازاد حسێن پور و ره‌حمان به‌ختیار ژیانیان له‌ده‌ستدا و ده‌یان كه‌سیش برینداربوون. به‌م پێیه‌ش ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له ماوه‌ی سێ رۆژی رابردوو له شاره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان ژیانیان له‌ده‌ستدا گه‌یشته 15 كه‌س.
له شاری بۆكان باوكی محه‌مه‌د حه‌سه‌ن زاده یه‌كێك له‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی شه‌وی چوارشه‌ممه گیانی به‌خت كردبوو، له كاتی به‌خاكسپاردنیدا وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك به پێشه‌نگایه‌تی ژنان له سهرههڵدانهكهدا وت، “جاران بهسێك كه ئازا و به غیره‌ت بوایه ده‌یانوت زۆر پیاوه، به‌ڵام ئێستا ده‌بێت به هه‌ر پیاوێك كه زۆر ئازا بێت بڵێین زۆر ژنه، ژنان له ئێمه‌ی پیاوان زۆر ئازاترن” به‌شداربووانی مه‌راسیمه‌كه‌ش به دروشمی ژن، ژیان ئازادی پشتیوانی خۆیان بۆ ده‌ربڕی.
له سنه رێوره‌سمی چله چوار گیانبه‌ختكردووی شاره‌كه به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ر له‌و شاره باس له كوژرانی ئه‌فسه‌رێك پۆلیس به پله‌ی رائید (سه‌رگورد) ده‌كرێت.
له سه‌قزیش سه‌دان كه‌س به‌شدارییان له به‌خاكسپاردنی مێرمنداڵێك كرد كه شه‌وی چوارشه‌ممه كوژرابوو. له مه‌راسیمه‌كه‌دا ژنان به دروشمی ژن، ژیان ئازادی سه‌مای یه‌كگرتنیان كرد.
له سه‌ر ئاستی ئێرانیش سه‌ره‌ڕای ناجێگیربوونی كه‌شوهه‌وا له تاران، مه‌شهه‌د، بابۆل، ته‌ورێز، به‌نده‌رعه‌باس، ماسال، شیراز، ئه‌سفه‌هان و چه‌ندین شاریتر خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه‌ی به‌رفراوان به‌ڕێوه‌چوو.
له مه‌شهه‌د كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌ت باس له كوژرانی 2 ئه‌ندامی هێزه‌كانی به‌سیج و برینداربوونی چه‌ند كه‌سی تر له‌و هێزانه ده‌كه‌ن.
خاڵی جێگه‌ی سه‌رنج به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندان بوون له شاری خومه‌ین، له پارێزگای مه‌ركه‌زی. ئه‌م شاره زێد و شوێنی له‌دایكبوونی روحوڵا خومه‌ینی دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێرانه.
له سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه تائێستا زیاتر له 350 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و هه‌زاران كه‌سیش ده‌ستبه‌سه‌ركراون.
له خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی 2019دا له دژی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی سوته‌مه‌نی و خراپی باری گوزه‌ران، زیاتر له هه‌زار خۆپیشانده‌ر كوژران. له لایه‌ن چالاكوانانه‌وه داواكرابوو رۆژانی15 بۆ 17ی ئه‌م مانگه له سێهه‌م ساڵیادی ئه‌و خۆپیشاندانه خوێناوییه‌دا په‌ره به چالاكی و گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بدرێت.