سەرهەڵدان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەشتەم هەفتەی پڕکردەوە و پێی نایە نۆیەمین هەفتەوە و دوێنێش کوردستان و بەلوچستان پێشەنگایەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان کرد، لەچەند شارێکیش رێورەسمی بەخاکسپارن و چلەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکان گۆڕدران بۆ خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی.

لەشارەکانی سنە، مەهاباد، بۆکان، کامیاران و چەند ناوچەیەکی تری رۆژهەڵاتی کوردستان گەنجان و ژنان بە گردبوونەوە و چالاکی جیاجیا ناڕەزایەتیان بەرامبەر حکومەت دەربڕی و لە بەشێک لە گەڕەکەکانی ئەو شارانە بە کردنەوەی ئاگر و پەکخستنی هاتووچۆ، دروشمی ژن، ژیان ، ئازادی و چەندین دروشم لە دژی رژێم وترانەوە.

هەر دوێنێ لە شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بە هۆی کوژرانی کاسبکارێک بە ناوی هێمن حەمزە لە گوندی بێورانی ئەو شارە خۆپیشاندانی گەورە بەڕێوەچوو، تەرمی ئەو کاسبکارە بە دروشمی شەهید نامرێ بەخاکسپێردرا و دوای مەراسیمەکەش خۆپیشاندان و ئاڵۆزی لە بێوران بەردەوام بوو.

لەشاری خوڕەمئاوای لوڕستانیش مەراسیمی بەخاکسپاردنی گەنجێک بە ناوی سام بیرانوەند گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندان و هێزەکانی رژێم لە رێگەی تەقەکردنەوە هەوڵیاندا کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە بهێنن.

لەلایەکی دیکەوە هاوشێوەی رۆژانی هەینی رابردوو لە شارەکانی بەلوچستان بەتایبەتی زاهیدان، راسک، ئێرانشار، خاش، پیشن، سەراوان و چابەهار خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەرفراوان ئەنجامدران.

لەچەند شارێکی بەلوچستان هێزەکانی دەوڵەت هەوڵیاندا لە رێگەی توندوتیژی و بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردنەوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن.

لە تاران رێورەسمی چلەی ئەمیر فەڕوخیپور مێرمنداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و ئیحسان خان موحەمەدی بەڕێوەچوو، کە رێورەسمەکان بۆ خۆپیشاندان گۆڕدران و چەندین دروشم دژی رژێم وترانەوە.

هەر لەتاران گردبوونەوە و رێپێوانی شەوانە ئەنجامدرا و بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکان چەندین دروشمیان لە دژی دەسەڵات و سەرکوتی خۆپیشاندەران وتەوە. لەناوچەی تارانپارسی ئەو شارە خۆپیشاندەران هاواریان دەکرد “حکومەتی منداڵکوژمان ناوێت”.

لە شارەکانی دیکەش بە چالاکی و شێوازی جیاجیا ناڕەزایەتییەکان بەردەوام بوون، لە قوم لە رێگەی میزەڵانەوە پلاکاردێک کە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” لەسەر نوسرابوو بەرزکرایەوە.

 هاوکات لە یەکێک لە شاخەکانی باکوری تاران ژمارەیەک چالاکوان پلاکاردێکیان بۆ پاڵپشتی لە راپەڕینەکان لە بەلوچستان و کوردستان لە لوتکەی شاخەکە دانا. لەسەر پلاکاردەکە نوسرابوو “لە لوتکەکانی تارانەوە هاوار دەکەین، بژی بەلوچستان، بژی کوردستان.. ژن، ژیان، ئازادی”.

هەر دوێنێ لیژنەی بەدواداچوون بۆ دۆخی دەستگیرکراوان لە سێهەم راگەیەندراوی خۆیدا وێڕای دەربڕینی نیگەرانی لەبارەی دۆخی دەستگیرکراوان باسی لەوەکرد کە چەند راپۆرتێکیان لەبارەی ئەشکەنجەی رەگەزی و هەڕەشەی بەکارهێنانی دەستدرێژی بۆ سەر دەستگیرکراوان پێگەیشتووە.

لیژنەکە باسی لەوەشکردووە، کە تائێستا ناوی هەزار و ٦٠٠ دەستگیرکراویان تۆمار کردووە، کە لە ١٢٥ شار دەستبەسەرکراون. روونیشیکردووەتەوە، ٤٢ رۆژنامەنوس، ٢٦ پارێزەر، ٣٨ چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، ١٤٥چالاکوانی مەدەنیی، ٣٩٣ خوێندکاری زانکۆ، ٤٠ چالاکوانی سیاسی و ٦٥ منداڵی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ لەناو دەستگیرکراواندان.

هەر سەبارەت بە دۆخی دەستگیرکراوان ١٢ پسپۆڕی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لە پەیامێکدا باسیان لەوەکردووە حکومەتی ئێران وەک شێوازێک بۆ سەرکوت و کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان پەنای بۆ سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بردووە بەسەر خۆپیشاندەران و لەو ڕووەشەوە دایان لە کاربەدەستانی تاران کردووە کۆتایی بە سەپاندنی ئەو جۆرە سزایانە بهێنن.

هاوکات رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی یەک ملیۆن واژۆی کۆکراوەی رادەستی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد بۆ ئەوەی رێکارێکی سەربەخۆی نێودەوڵەتی بۆ لێپێجینەوە لە تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە خۆپیشاندەران بدۆزێتەوە.

هەر لە درێژەی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان هەر یەک لە ئاڵمانیا و ئاسیلەند داوایان لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، کە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە دۆخی ئێران سازبکات.