Although the protests have subsided in many cities of Iran for several days due to severe repression, the streets were under the control of the youth in some cities of Kurdistan, especially the cities of Marivan, Sanandaj, Mahabad, Saqez and Bukan.

رۆژهەڵات ئاگری سەرهەڵدانی بە زیندوویی راگرتووە و لە شەقامە

گەرچی بە هۆی سەرکوت وزەبرو زەنگەوە لە بەشێکی زۆری شارەکانی ئێران ناڕەزایەتییەکانی شەقام روویان لە کزی ناوە، بەڵام لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گەنجان و ژنان ئاگری سەرهەڵدانیان بە گەشی راگرت و لە شەقام مانەوە.

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە هەشتەمین هەفتەدا بەردەوامن و سەرباری گوشارەکان شارەکانی کوردستان پێشەنگایەتی ئەو جوڵانەوە مەدەنییە دەکەن ولەسەر شەقام ماونەتەوە.

رۆژی دووشەممە لە شاری مەریوان زۆرینەی دووکان و بازاڕەکان داخرابوون و لە دوانیوەڕۆشەوە تا درەنگانێکی شەو بەشێکی بەرچاو لە شەقامەکانی شارەکە بە دەست ژنان و گەنجانەوە بوو کە بە کردنەوەی ئاگر و وتنەوەی دروشم ناڕەزایتییان دەربڕی.

هاوکات لە شارەکانی وەک بۆکان، سنە، مەهاباد و سەقزیش خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەتایبەت لە شەودا بەردەوامبوو.

لە بۆکان ژمارەیەکی زۆر لە ژنان و گەنجان بە وتنەوەی دروشمی ژن ژیان ئازادی لە چەند گەڕەکێکی شارەکە گردبوونەوەی بەرفراوانیان سازکرد.

لە شاری سەقزیش بەشێک لە مامۆستایان لە راگەیەندراوێکدا گوشارەکانی کاربەدەستانی پەروەردەی شارەکە لەسەرمامۆستایانیان سەرکۆنەکرد و باسیان لەوەکرد کە بەرپرسانی پەروەردەی شارەکە ئاسانکاری و هاوکاری هێزە ئەمنییەکان دەکەن لە کردنە ئامانجی خوێندنگەکان و مامۆستایان.

لەسەر ئاستی ئێرانیش لە زۆربەی زانکۆکان خوێپیشاندان و گردبوونەوە بەردەوام بوو، هاوکات ٦٠٠ مامۆستای زانکۆ لە راگەیەندراوێکدا وێڕای شەرمەزاکردنی گوشارەکانی سەر خوێدنکاران و مامۆستایان زانکۆ و هەروەها شکاندنی حەرەمی زانکۆکان، داوای کۆتایی هێنان بەو گوشارانە و دەستبەجێ ئازادکردنی خوێندکارە دەستبەسەرکراوەکانیان کرد.

لە شارەکانی دیکە ئەگەرچی بە هۆی کۆکردنەوەی هێزی زۆری ئەمنی و سەربازی گردبوونەوە و خۆپیشاندانەکان بەراور لەگەڵ رۆژانی رابردوو کەمتربوو، بەڵام هاووڵاتیان لە چەند شارێک بە شێوەی جیاجیا لەوانە نوسینی دروشم لە سەر دیوارەکان، خستنەخوارەوەی مەندیلی مەلاکان،سوتاندنی هێماکانی دەوڵەت و تێکدانی پەیکەری کەسایەتییەکانی دەوڵەت، وتنەوەی دروشملە سەر بانی ماڵەکان و هۆڕن لێدان بەردەوام بوون لە دەربڕینی ناڕەزایەتی.

لە شاری خاشی پارێزگای سیستان و بەلوچستانیش کە رۆژی هەینی زیاتر لە ١٠ خۆپیشاندەر لەو شارە کوژرابوون، بۆ سێهەم رۆژ مانگرتن بەردەوام بوو، بەشێکی زۆری دوکان و بازاڕەکانی شارەکە داخرابوون.

لە سەرەتای دەستپێکردنی خۆپیشاندانەکانەوە تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراون، کە لەو ژمارەیە ٦١ کەسیان لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ژیانیان لەدەستداوە.