Controversies still continue over the use of Iranian suicide drones in Ukraine, and the possibility of using Iranian missiles in this war has been discussed.
According to the Washington Post and Reuters reports, Russia wants to receive Iranian Zulfiqar and Fateh 110 missiles to use them in the Ukraine war, and Tehran and Moscow have reached an agreement on this.
Iran has previously used these two types of missiles in Iraq and Syria against Kurdish opposition forces, American forces and extremist groups in Syria.
I have addressed this issue in this report.

ئەو موشەکە ئێرانیانەی رووسیا چاوی لەسەریانە

ماوەیەکە بەرپرسانی کیێڤ بە پێداگرییەوە باس لەوەدەکەن ئێران درۆنی خۆتەقینی رادەستی رووسیا کردووە و بەو موشەکانە چەندین جار هێرشکراوەتە سەر ئوکرانیا.

سەرباری ئەوەی تاران و مۆسکۆ ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە بەڵام ئەم جارەیان پرسی بەکارهێنانی موشەکەکانی ئێرانیش لەو شەرەدا هاتووەتە بەرباس.

هەر یەک لە واشنتن پۆست و رۆیتەرز بڵاویان کردەوە رووسیا داوای لە ئێران کردووە موشەکی دوورهاوێژی رادەست بکات و ئاماژە بەوەشکراوە تاران بەو داوایەی مۆسکۆ رازی بووە و رێککەوتنی سەرەتاییش لەوبارەوە کراوە.

وەک ئەو سەرچاوانە باسی دەکەن رووسیا چاوی لەسەر ئەوەیە دوو موشەکی جۆرە فاتح 110 و زولفەقارن لە ئێران وەربگرێت.

ئەو دوو جۆرە موشەکە پێشتر چەند جارێک لە دژی چەند ئامانجێک لە عێراق و سوریا بەکارهێنراون.

موشەکی فاتح 110 یەک لە موشەکە بەناوبانگەکانی ئێرانە لە ساڵی 2002 بۆ یەکەم جار تاقیکرایەوە و ساڵی 2011 زیاتر پەرەی پێدرا.

 درێژیەکەی 8 مەتر و 86 سانتیمەترە و کێشی سێ هەزار و 450 کیلۆگرامە و توانای پێکانی ئامانجەکەی لە مەودای 400 کیلۆمەتری هەیە.

ئەم موشەکە لەئەنجامی پەرەپێدان بە موشەکەکانی جۆری زلزال 1 و 2 دروست کراوە و جێگەی ئەو دوو جۆرە موشەکەی گرتووەتەوە.

پێشتر ئێران لە هێڕشەکانی بۆ سەر بنکەی حزبی دیموکرات لە ساڵی 2018، بۆردومانی ئەمریکییەکان لە بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە ساڵی 2020 و ماڵەکەی شێخ باز بەرزنجی لە ساڵی مانگی ئاداری 2022 و بۆردومانی 28ی ئەیلولی 2022 بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حزبە بەرهەڵستکارەکانی رۆژهەڵات کەڵکی لەو مووشەکە وەرگرتووە.

هەرچی موشەکی زولفەقاریشە کە ناوەکەی لە شمشێری ئیمامی عەلیەوە وەرگیراوە، لەسەر ئەنجامی پەرەپێدان بە موشەکی فاتح 110 بەرهەم هاتووە.

ئەم موشەکە بۆ یەکەمجار لە ئەیلولی 2016 دا لە میانی مانۆریێکی سەربازی نمایشکرا. کێشی سوکترە لە موشەکی فاتح 110 و توانای پێکانی ئامانجەکەی 700 کیلۆمەترە و دژی سیگناڵە واتە لە رێگەی سیگناڵە ئەلکترۆنیەکانەوە ئاراستەکەی ناگۆڕدرێت.

شەوی 18ی حوزەیرانی 2017 سوپای پاسداران لە بنکەیەکی سەربازی لە کرماشانەوە شەش موشەکی جۆری زولفەقاری ئاراستەی بنکەکانی داعش لە نزیک دێرەزوری سوریا کرد.

ساڵێک دواتر جاریکیتر سوپای پاسداران بە چوار موشەکی زولفەقار بنکەکەکانی داعشی لە رۆژهەڵاتی روباری فورات لە سوریا کردەوە ئامانج.

ئێستا و لەگەڵ هاتنەبەرباسی ئەگەری بەکارهێنانی موشەکەکانی ئێران لە شەڕی ئوکرانیا، ئاخۆ ئەو بابەتە پەیوەندییە ئاڵۆزەکانی نێوان تاران و وڵاتانی رۆژئاوایی بەرەو چ ئاقارێک دەبات، بەتایبەتی کە تائێستا گرێکوێرەی کاراکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015ی نێوانیان نەکراوەتەوە.

موشەکەکانی ئێران نەک هەر لە ئێستادا کە مەترسین بۆ سەر ناوچەکە، لە داهاتووشدا بەو پێیەی کە توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمیان هەیە، دەبنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی جیهانیش.