
رۆژی پێنج شه‌ممه 29ی ئه‌یلول هاوشێوه‌ی رۆژانی تر له باكوری ئێرانه‌وه تا باشوری ئه‌و وڵاته و له رۆژههڵاتهكهیهوه تا رۆژئاواكهی خۆپیشاندانه‌كان دژی كوژرانی ژینا ئه‌مینی به‌رده‌وام بوون و به گوێره‌ی دوایین ئاماره‌كانیش زیاتر له 80 خۆپیشانده‌ر كوژراون.
له سنه به پێشه‌نگایه‌تی ژنان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاره‌كه به دروشمه‌كانی ژن، ژیان، ئازادی و نه‌مان بۆ دیكتاتۆر خۆپیشانان به‌ڕێوه‌چوو.
تارانی پایته‌ختیش وه‌ك رۆژانی رابردوو به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو و له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی شاره‌كه‌دا خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی تێدا به‌ڕێوه‌چوو، به گوێره‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییش له قه‌زای قه‌رچه‌كی ئه‌و پارێزگایه خۆپیشانده‌ران بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌ستیان به‌سه‌ر قایمقامیه‌تی شاره‌كه‌دا گرت.
له مازنده‌ران و گیلان، كه دوو پارێزگای باكوری ئێرانن و زۆرترین ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشاندانه‌كان له‌و دوو پارێزگایه‌دان، هاوشێوه‌ی رۆژانی رابردوو خه‌ڵك له‌سه‌ر پێ بوون.
له شاری مه‌شهه‌د كه یه‌كێكه له شاره ئایینیه‌كانی ئێران، بێپسانهوه له ماوه‌كانی رابردوودا خۆپیشاندان به‌ڕێوه‌چووه و له رۆژی سیانزهههمینیشدا به هه‌مان جۆش و خرۆشه‌وه ناڕه‌زایه‌تییه‌كان به‌رده‌وام بوو.
قوم كه وه‌ك كۆڵه‌كه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ئایینی كۆماری ئیسلامی داده‌نرێت، له ره‌وتی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تیه‌كان به‌جێنه‌ماوه و له‌و شاره‌ش ده‌نگی نه‌مان بۆ دیكتاتۆر و دروشمی رووخانی كۆماری ئیسلامی به‌رزده‌كرێته‌وه و له چه‌ند ناوچه‌یه‌ك پێكدادان له نێوان خۆپیشانده‌ران و هێزه‌كانی رژێم هاته ئاراوه.
له ناوه‌ڕاستی ئێران، له پارێزگای كرمان، كه زێدی چه‌ند كه‌سایه‌تی سه‌ره‌كی سیاسی و سه‌ربازی كۆماری ئیسلامی ئێرانه، له‌وانه قاسم سوله‌یمانی فه‌رمانده‌ی پێشووی فه‌یله‌قی قودس و عه‌لی ئه‌كبه‌ر هاشمی ره‌فسنجانی سه‌رۆككۆماری پێشووتری ئێران و ده‌یان وه‌زیر و كاربه‌ده‌ست و فه‌رمانده‌ی سه‌ربازی دیكه، به‌ڵام له‌م خۆپیشاندانانه‌دا له چه‌ند شارێكی ئه‌و پارێزگایه‌شه‌وه ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی ده‌بیسترێت و رۆژی پێنج شه‌ممه هێزه ئه‌منییه‌كان ته‌قه‌یه‌كی زۆریان له خۆپیشانده‌رانی كرمان كرد.
له یه‌زد و سیستان و به‌لوچستان و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی خوزستان، ته‌ورێز، ورمێ و كرماشانیش خۆپیشاندان به‌رده‌وام بوون.
له به‌نده‌ر عه‌باسی باشوری ئێرانیش خۆپیشانده‌ران ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی و دروشمی ژن، ژیان ئازادی سه‌ره‌كی ترین دروشمی خۆپیشاندانه‌كه‌ی ئه‌و شاره‌بوو.
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامی خۆپیشاندانه‌كان، توندوتیژی هێزه سه‌ربازی و سه‌ركوتكه‌ره‌كانی رژێمی ئێران و هه‌ڵمه‌ته‌كانی گرتنی چالاكوانان و خۆپیشانده‌رانیش به‌رده‌وامه.
به‌پێی نوێترین ئاماری رێكخراوی مافه‌كانی مرۆڤی ئێران له‌سه‌ره‌تای خۆپیشاندانه‌كانه‌وه تائێستا لانیكه‌م 83 كه‌س كوژراون، زۆرترینیان له پارێزگای مازه‌نده‌رانن كه 26 خۆپیشانده‌ری تێدا كوژراوه، له گیلانی دراوسێی مازنده‌رانیش 11 خۆپیشانده‌ر ژیانیان له‌ده‌ستداوه.
هه‌رچی پارێزگاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستانیشن به پێی ئاماره‌كانی ئه‌و رێكخراوه 24 خۆپیشانده‌ریان تێدا كوژراوه.