جارێ بەر لە هەموو شتێک هەر هەنگاوێک بۆ بە گەژداچوونەوەی رژێم و بەرپەرچدانەوەی تاوانەکانی، گرنگە و جێی بایەخە، بەتایبەتی ئەگەر کۆدەنگی لەسەر ئەو جوڵە و هەنگاوە هەبێت، بەڵام..

مانگرتن بۆ کاتێکە کە خەڵک بە هۆی باج و تێچووی قورس و بوونی کەشی ئەمنی تووند و زاڵ بوونی ترس و تۆقاندنەوە نەتوانێت بێتە شەقام، بۆیە ئەم جۆرە لە خەباتی مەدەنی لە چەند قۆناغێکدا وەڵامدەر بووە.

لەئێستادا خەڵک نەک هەر دیواری ترس و تۆقاندنی شکاندووە و تەواوی بڤە و هێڵە سوورەکانی رژێمیشی بەزاندووە، بە کردەوەش لە دەرەوە و لەسەر شەقامە.

بۆیە لە بری مانگرتن دەکرا پەنا بۆ بژاردەیەکی تر کە هەنگاوێک لەپێشتر بووایە و جیاوازتر بووایە لە داخستنی دووکان و بازاڕ و نەچوونە سەرکار و مانەوە لەماڵ بنرایە، وەک پەکخستنی هاتووچۆ و هەموو جوڵەیەک لە شارەکان، یان هەر جوڵەیەکی تر لەشەودا کە هەر کەس لە ماڵ و کۆڵان و گەڕەکەکەی خۆیەوە بیتوانیایە بەشدار بووایە.

ئەمە بۆ کۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانی ئێستاش راستە، مانەوەی لە فۆڕم و شێوەیەکدا و چەند بارە بوونەوەی بەرەو پووکانەوەی دەبات، ئەگەر داهێنان لە شێوازەکانی ناڕەزایەتی دەربڕین نەکرێت و گشتگیرتر نەکرێت و بزاوتەکە بەرەو بەکولتووربوون نەچێت رەنگە نەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت.

بەهەر حاڵ وەک لەسەرەتاوە باسم کرد، مادام ئەمجارەش بە کۆدەنگییەوە بانگەواز بۆ مانگرتنی سەرتاسەری کراوە گرنگە و پڕبایەخە، ئەرکی هەموومانە کار بۆ سەرخستنی بکەن، بەڵام بۆ داهاتوو گرنگە لەسەر گرتنەبەری شێوازی جیاوازی ناڕەزایەتی دەربڕین کار بکرێت.