خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزایەتی بۆ سێهەم رۆژی لەسەر یەک لە چەند پارێزگایەکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامە.

خۆپیشاندەران داوادەکەن نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان کە لە سێ رۆژی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، کەمبکرێنەوە.

هاوکات ئیبراهیم رەئیسی سەرۆککۆماری ئێران کە لە شاری تاران سەردانی ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراکی کرد، جەختی لەوەکردەوە، کە تا زیندووبێت ناهێڵێت بە هۆی گرانییەوە زیان بەر هاووڵاتیانی بکەوێت، داواشی لێکردن تەنیا چەند رۆژێک دان بە خۆیاندا بگرن.

بەپێی زانیارییەکان لەچەند شارێک هێزە ئەمنی و سەربازییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و لانیکەم خۆپیشاندەرێک کوژراوە

هاوکات کاربەدەستانی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە مەبەستی رێگری لە تەشەنەسەندنی خۆپیشاندانەکان، هێڵەکانی ئینتەرنێتیان لە چەند شارێک پچڕیوە یان خێراییەکەیان کەمکردووەتەوە.

هاوکات سەرچاوە خۆجێییەکان باس لە دەستگیرکردنی دەیان هاووڵاتی و چالاکوان دەکەن لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.