In the Vienna talks to revive the 2015 nuclear deal, Iran insists that the United States remove the Revolutionary Guards from the list of terrorist organizations.
Vienna is the city where 33 years ago, an Iranian Kurdish leader was assassinated by Revolutionary Guards agents.
According to statistics, more than half of the victims of Revolutionary Guards terrorist operations outside Iran were against Kurdish activists.
Therefore, at this stage, it is necessary for the Kurds to do everything in their power to prevent the removal of the name of the Revolutionary Guards from the list of terrorist organizations.
In this article, I pointed out that the streets of Vienna should now be full of Kurdish activists and that the terrorist activities of the Revolutionary Guards should be listened to by the countries involved in the nuclear deal.

ڤییەن، کورد، سوپای پاسداران و جێی بەتاڵی هەڵوێستێک

محەمەد ئەمینی

ڤییەن ئەو شارەی بەر لە 33 ساڵ و لە 13ی جولای 1989 تیایدا د.عەبدولرەحمان قاسملو سەرکردەی دیاری رۆژهەڵات لەسەر دەستی چەند پاسدارێک لە بەرگی دیپلۆماتدا لە سەر مێزی دانوستان خەڵتانی خوێن کرا، بۆ نزیکەی ساڵێکە شوێنی کۆبوونەوەی گیانبەبەرداکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی 2015یە.

لەکاتێکدا باس لەوەدەکرێت دانوستانەکان لە کۆتا قۆناغەکاندا و لە رێککەوتنی یەکجارەکی نزیک بووەتەوە، ئاشکرا بووە بەربەستێکی سەرەکی کە لە ئارادایە، بریتیە لە پێداگریی ئێران لە سەر دەرهێنانی ناوی سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکانی ئەمریکا.

کورد و بەرهەڵستکارانی دیکەی ئێران ئەگەر لە دانانی سوپای پاسداران لە لیستەکەدا رۆڵیان نەبووبێت، رەنگە ئێستاش لە هێشتنەوەیدا نەتوانن رۆڵی شوێندانەر و یەکلاکەرەوە بگێڕن، بەڵام رەوایەتی دۆزێک بە ئەنجامەکانی ناپێورێت و ئەمە پێداگری و کۆڵنەدانە دواجار ئەو دۆسیە بەرەو ئەنجام دەبات.

هەرچی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانییە کە بەشێکیان مەیلی سازان و تەنانەت هاوسۆزییان لەگەڵ سوپای پاسداران و کۆڵەکەکانی دیکەی ئەو رژێمە هەیە بە پاساوی پاراستنی شیرازەی یەکپارچەیی خاکی وڵاتەکە، چاوەڕێ ناکرێت رۆڵێکی کارا لەم بابەتەدا بگێڕن، ئەوەی دەمێنێتەوە کوردە، کە قوربانی سەرەکی تاوانەکانی سوپای پاسدارانە، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانیش.

بەڵگەش هەر بە گوێرەی راپۆرتەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و هەندێک رێکخراوی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤی ئێران لە کۆی ئەو قوربانیانەی تیرۆر سوپای پاسداران و ئیتلاعات لەدەرەوەی سنوورەکان کە زۆر جار لە بەرگی دیپلۆمات و نێردەی دیپلۆماسیی ئەنجامیانداون، زۆرینەی هەرە زۆریان دژ بە کورد و چالاکوانی سیاسی کورد و سەرکردەکانی بووە.

بۆیە لەوەها دۆخێکدا کە زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران لەسەر خاڵێکی لەو چەشنە پەکی کەوتووە، دەرفەتێکی گونجاوە، کە شەقامەکانی ڤییەن و شارەکانی دیکەی ئەوروپا و ئەمریکا جمەیان بێت لە خۆپیشاندەری کورد و پرسی پێویستی هێشتنەوەی سوپای پاسداران لە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییەکان بوروژێنرێت و چی دەرفەت و کەمپین و کەناڵی دیپلۆماسییە بۆ ئەو مەبەستە بیخاتەگەڕ.

وەک ئاماژەم پێدا لەسەرووی پێکانی ئامانج و ئەنجامەکەوە، جارێکیتر هەڵدانەوەی دۆسیەیەک و جارێکی تر دەرخستنی رەوایەتی دۆزێک و هەر هیچ نەبێت سازکردنی رۆژەڤێک لەلایەن کوردە لە پرسێکی جیهانی وەک دانوستانەکانی ڤییەن دەستکەوێتێکی ئەرێنییە و بناغەی هەنگاوی دیکەیە.

جیالەوە خۆی لەخۆیدا ژیاندنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بە واتای کەمبوونەوەی گوشارەکانە لەسەر رژێمی ئێران لەناوخۆ و بەو توانا داراییەی بۆی دەگەڕێتەوە مەکینەی تیرۆر و سەرکوت و شەڕانگێزیەکانی لەدەرەوەی سنوورەکان دەمەزەرد دەکاتەوە و دەشبێتە هۆی درێژبوونەوەی تەمەنی، لەم سۆنگەیەشەوە کورد و ئۆپۆزسیۆنی دیکەی ئێران زۆر پاسیڤ و ناوشیارانە تائێستا مامەڵەیان کردووە و پەیامی روونیان لەو بارەوە نەگەیاندووەتە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی زلهێزی بەشدار لە دۆسیەکەدا.

وەها هەڵوێستێک لە لانیکەمیدا سەنگی ئەو دەنگانە زیاد دەکات کە لەناوچەکە و لەناو خودی وڵاتانی بەشدار لە رێککەوتنەکە بۆ دژایەتی زیندوکردنەوەی رێککەوتنەکە یان توندترکردنی کۆت و بەندەکانی سەر تاران بەرزکراونەتەوە.