رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی (ئەمنستی ئینترنەشناڵ) لە تازەترین راپۆرتی خۆیدا رەخنەی توندی لە پێشێلکاری مافی مرۆڤ و سنووردارکردنی ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان گرتووە.

لە راپۆرتەکەدا بە ئاماژەدان بە هەڵمەتی دەستگیرکردن و زیندانی کردنی چالاکوانان، رۆژنامەنووسان و رەخنەگرانی بادینان، باس لەوەکراوە، دەیان کەس لە چالاکوانانی مەدەنی، رۆژنامەنووسان و رەخنەگران دەستگیرکراون و بە پاساوی ئاسایشی نەتەوەییەوە سزا قورسیان رووبەڕوو کراوەتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، کە ئەوکەسانە تەنها بە هۆی نوسینی بابەت و کۆمێنت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان یان گواستنەوەی هەواڵ و چالاکی مەدەنییەوە دەستگیرکراون و رەخنەشی لە پرۆسەی دەستگیرکردن و دادگاییکردنەکەیان گرتووە و پرۆسەکەی بە نادادپەروەرانە ناوبردووە و ئاماژەی بەوەکردووە، کە ئەو سزادراوانە لە ژێرگوشاردا و بە زۆر دانپێدانانیان پێکراوە.

هێزە ئەمنییەکانی دهۆک و هەولێر لە چەند ساڵی رابردوودا زیاتر لە 80 چالاکوان و رۆژنامەنووسیان بە هۆی خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی دەستگیر کردووە و بەشیکیان سزای زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە.

دۆسیەی دەسگیرکراوانی بادینان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە کاردانەوە و ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و بە هەوڵێک بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکان و بەکارهێنانی دادگا بۆ سەرکوتی رەخنەگران و چالاکوانان لێکدراوەتەوە.