According to the Kurdistan Human Rights Network, in the one year from March 8, 2021 to March 8 this year, 34 women were killed in Iranian Kurdistan, 78 women committed suicide and 23 women activists were detained by security forces.

كوشتن و خۆكوشتنی ١١٢ ژن و ده‌ستبه‌سه‌ركردنی ده‌یان ژن له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان

به‌پێی ئامارێكی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا ١١٢ حاڵه‌تی كوشتن و خۆكوشتنی ژنان له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان تۆمار كراوه‌ و ده‌یان ژنیش له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركراون.

به‌پێی راپۆرتێكی توڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان كه‌ به‌ بۆنه‌ی رۆژی جیهانی ژنانی زه‌حمه‌تكێشه‌وه‌ بڵاویكردوه‌ته‌وه‌، له‌ ماوه‌ی نێوان ٨ی ئاداری ٢٠٢١ بۆ ٨ی ئاداری ٢٠٢٢ لانیكه‌م ٧٨ ژن و منداڵی كچ له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان كۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه‌، كه‌ ١٥ كه‌سیان ته‌مه‌نیان له‌ خوار ١٨ ساڵه‌وه‌ بووه‌.

هۆكار و پاڵنه‌ری خۆكوشتنی ئه‌و ژنانه‌ “كێشه‌ و ناكۆكی خێزانی”، “هه‌ژاری”، “رێگری له‌ هاوسه‌رگیری”، “خه‌مۆكی” و “رێگری له‌ درێژه‌دان به‌ خوێندن” بووه‌ و زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ دانیشتووی ورمێ بوون، كه‌ خێزانداربوون و له‌ رێگه‌ی خۆهه‌ڵواسینه‌وه‌ كۆتاییان به‌ ژیانیان هێناوه‌.

كوژرانی ٣٤ ژن له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا

له‌به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌یدا تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان باسی له‌وه‌كردوو، به‌پێی سه‌رچاوه‌ راسته‌وخۆكانی یان پاڵپشت به‌ سه‌رچاوه‌ جێی متمانه‌كانی دیكه‌ بۆی ده‌ركه‌وتووه‌، ٣٤ حاڵه‌تی كوشتنی ژنان له‌ ماوه‌ی نێوان ٨ی ئاداری ٢٠٢١ بۆ ٨ی ئاداری ٢٠٢٢ له‌ پارێزگاكانی ورمێ، سنه‌، كرماشان و ئیلام تۆمار كراون.

“كێشه‌ و ناكۆكی دارایی”، “كێشه‌ی خێزانی”، “بابه‌تی نامووس”، “ره‌تكردنه‌وه‌ی پێشنیاری هاوسه‌رگیری” و .. له‌ هۆكار و پاڵنه‌ره‌سه‌ره‌كیه‌كانی كوشتنی ژنان بوون.

روونیشیكردوه‌ته‌وه‌ ١٧ كه‌س له‌و ژنانه‌ له‌ لایه‌ن هاوسه‌ر، ٢ كه‌سیان له‌ لایه‌ن هاوسه‌ری پێشوو، ٢ كه‌س له‌لایه‌ن باوك، ٥ كه‌س له‌ لایه‌ن زاوا، ٣ كه‌س له‌لایه‌ن ئه‌و خوازبێنیكارانه‌ی وه‌ڵامی ره‌تیان پێدراوه‌ته‌وه‌، یه‌ك كه‌س له‌لایه‌ن برا، یه‌ك كه‌س له‌لایه‌ن هاوسه‌ری هاوڕێكه‌یان و كه‌سێك له‌لایه‌ن كوڕه‌كه‌ و كه‌سێك له‌لایه‌ن خه‌زوور و كه‌سێكیش له‌لایه‌ن پیاوێكه‌وه‌ كه‌ هیچ په‌یوه‌ندیی خزمایه‌تیان نه‌بووه‌ كوژراون.

له‌و ژنه‌ كوژراوانه‌، ٢٠ كه‌سیان به‌ چه‌ك، ٥ كه‌سیان به‌ چه‌قۆ، ٢ كه‌س به‌ لێدان و سوتاندن، ٢ كه‌س به‌ ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌، ٣ كه‌س له‌ رێگه‌ی سوتاندنه‌وه‌، ١ كه‌س له‌ رێكه‌ی خنكاندن و كه‌سێكیش له‌ رێگه‌ی خستنه‌خواره‌وه‌ی به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ ئۆتۆمبێل كوژراون.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، شه‌ش له‌و ژنه‌ كوژراوانه‌ به‌ رێكه‌وت له‌ شوێنی تاوانی كوشتنی ژنانی تره‌وه‌ بوون، به‌و پێیه‌ی هاوڕێ، دایك یان خوشكی ئه‌و ژنانه‌ بوون كه‌ له‌لایه‌ن بكوژه‌كه‌وه‌ كرابوونه‌ ئامانج و به‌هۆی به‌ركه‌وتنی فیشه‌كی بكوژه‌كانه‌وه‌ ئه‌وانیش ژیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

چالاكوانان و داكۆكیكارانی مافه‌كانی ژنان كاردانه‌وه‌یان هه‌بووه‌

له‌راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ چالاكوانانی ژن له‌ شاره‌ جیاجیاكانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان هاوشێوه‌ی ساڵانی رابردوو وێڕای چالاكیه‌كانیان و هه‌وڵه‌كانیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان له‌ هه‌ندێك حاڵه‌تدا گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان له‌ چه‌ند شارێك ئه‌نجام داوه‌. له‌وانه‌ له‌ ٦ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٢١ (١٤ی ره‌زبه‌ری ١٤٠٠ی كۆچیی هه‌تاوی) دوابه‌دوای كوژرانی فائیزه‌ مه‌لیكی له‌لایه‌ن باوكیه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكوانان و به‌رگریكارانی مافه‌كانی ژنان له‌به‌رده‌م بینای دادگای سنه‌ گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییان ساز كرد.

به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌ی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ته‌رخان كراوه‌ بۆ زه‌بر و زه‌نگ و گوشاری سیاسی سه‌ر ژنان و ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی نێوان ٨ی ئاداری ٢٠٢١ بۆ ٨ی ئاداری ٢٠٢٢ لانیكه‌م ٢٣ ژنه‌ چالاكوانی كورد له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی ئێرانه‌ ده‌ستگیركراون. هه‌ندێك له‌وانه‌ دوای ماوه‌یه‌ك به‌ دانانی بارمته‌ ئازاد كراون و هه‌ندێكی دیكه‌ش تائێستا ده‌ستبه‌سه‌رن یان سزای زیندانیان به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.

رونیشیكردوه‌ته‌وه‌، كه‌ جیا له‌وه‌ له‌ ئێستا لانیكه‌م ٩ ژنه‌ زیندانی سیاسی و باوه‌ڕی كورد له‌ زیندانه‌كانی ئێراندان، كه‌ ئه‌مانه‌ن: زه‌ینه‌ب جه‌لالیان سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی هه‌یه‌ و له‌ زیندانی یه‌زد ده‌ستبه‌سه‌ره‌، سنوور تامارا سزای ١٠ ساڵ و یه‌ك رۆژ زیندانی هه‌یه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له‌ په‌كه‌كه‌ له‌ زیندانی ورمێدایه‌، زارا محه‌مه‌دی سزاكه‌ی ٥ ساڵه‌ و له‌ زیندانی سنه‌دایه‌، سه‌كینه‌ په‌روانه‌ سزاكه‌ی ٥ ساڵه‌ و له‌ زیندانی مه‌شهه‌د راگیراوه‌، سوهه‌یلا حیجاب سزاكه‌ی ٥ ساڵه‌ له‌ زیندانی كرماشانه‌، خه‌دیجه‌ مه‌هدی پور كه‌ سزاكه‌ی ٢٠ مانگه‌ له‌ زیندانی ئیلامه‌ و سوعدا خدیرزاده‌ و گوڵاڵه‌ مورادیش به‌شێوه‌ی كاتی له‌ زیندانی ورمێن و هه‌ر له‌و زیندانه‌ سنور خه‌لیفانیش راگیراوه‌ كه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامبوون له‌ داعش سزای ١٥ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پێنراوه‌.