
Five years after the severance of ties between Iran and Saudi Arabia and the intense tensions between the two countries, direct negotiations between the two countries have begun for some time with the mediation of Iraq.
In this report for SNN, I address the reasons for this change of approach:
هۆکارەکانی پشت وەرچەرخانی سیاسەتی سعودیە بەرامبەر بە ئێران
SNN
دوای نزیکەی چوار ساڵ لە پچڕانی پەیوەندییەکانیان ماوەیەکە سعودیە و ئێران بە نێوەندگیری عێراق لەدانوستاندان بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان و تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوانیان.
چوار ساڵ بەر لە ئێستا و لە دووی ئایاری 2017دا محەمەد بن سەلمان کە هێشتا نەببوە شازادەی جێنشینی سعودیە لە چاوپێکەوتنێکدا هەر جۆرە دانوستانێکی لەگەڵ ئێران بە بێکەڵک و بێهودە ناوبردوو.
ئەو شازادە گەنجە بەوەشەوە نەوەستابوو، رایگەیاندبوو: “چاوەڕێ ناکەین تا ئێران شەڕەکەی بهێنێتە ناو خاکی سعودیە، بەڵکوو هەوڵ دەدەین شەڕەکە بخەینە خاکی ئێرانەوە”.
چوار ساڵ دواتر و لە 22ی نیسانی ئەمساڵدا لە چاوپێکەوتنێکی دیکەدا محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە 180 پلە پێچەوانە لەسەر ئێران دووا و رایگەیاند: “دواجار ئێران وڵاتێکی دراوسێمانە و هیوادارین پەیوەندییەکی باش و جیاوازمان لەگەڵیدا هەبێت”.
راشیگەیاندبوو: “نامانەوێت دۆخی ناوخۆی ئێران دژوار بێت، بەڵکوو خوازیاری بەختەوەری و خۆشگوزەرانین بۆ ئەو وڵاتە”.
چاوپێکەوتنەکەی محەمەد بن سەلمان ماوەیەکی کەم دوای ئەوە هات کە فاینەنشاڵ تایمز بڵاویکردەوە: “نوێنەرانی ئێران و سعودیە بە نێوەندگیری عێراق لە بەغدا کۆبوونەتەوە”، دواتریش بەرپرسانی هەردوولا ئەو دیدارانەیان پشتڕاستکردەوە.
لەم چوار ساڵەدا ئاخۆ چی روویداوە؟ ئەو دوو وڵاتە لە لێدوانی توند و ئاگرین دژ بە یەک هاتوونەتە سەر مێزی دانوستان و دیداری راستەوخۆ؟
بۆ دۆزینەوەی وەڵامەکە دەبێت ئاوڕ لە گۆڕانکاریەکانی ناوخۆی سعودیە و ئێران و گۆڕانکارییە نێودەوڵەتیەکان لەو ماوەیەدا بدەینەوە.
گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی سعودیە:
زۆر دەمێکەیە محەمەد بن سەلمان خەون بەوەوە دەبینێت کە ئابوری سعودیە لە پەیوەستبوون و وابەستەبوون بە نەوت رزگار بکات و لەو پێناوەشدا پلانی بۆ چەند پڕۆژەیەکی زەبەلاحی ئابوری داڕشتووە.
شازادەی جێنشینی سعودیە هیواخواز بوو لە رێگەی سەرخستنی هەنگاوەکانی دژی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەکە و سەرکەوتن لە سەقامگیری دۆخەکەك سەرمایەیەکی گەورەی دەرەکی بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە کەمەندکێش بکات.
هەوڵەکانی بن سەلمان بۆ کۆتاییهێنان و لاوازکردنی پێگەی حوسییەکانی نزیک لە ئێران لە یەمەن و لە قاڵبدانی دەسەڵات و هەیمەنەی ئێران لە سوریا و لوبنان ئەنجامی دڵخوازیان لێنەکەوتەوە. بەردەوامی ئەو بارگرژی و ئاڵۆزیانە و هاوکات کارنامەی بن سەلمان لە بواری مافەکانی مرۆڤ مەیلی وەبەرهێنەر و سەرمایەدارانی بیانی ساردکردەوە، بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆژە گەورە ئابورییەکانی سعودیە بکەن.
هەربۆیە قبوڵکردنی سنورداربوونی تواناکانی سعودیە لە بەربەرەکانێ لەگەڵ دوو ئەکتەری سەرەکی ناوچەکە واتە ئێران و تورکیا و خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەو راستیە گوژمێک لە بودجەی شەڕە بێکۆتاکانی یەمەن و ناوچەکانی دیکە بۆ ناوخۆی سعودیە دەگەڕێنێتەوە و ریاز دەتوانێت ئەو سەرمایەیە لە ناوخۆ بەگەڕبخات.
بۆ هێنانەدی ئەوەش سعودیە پێویستی بەوەیە رێگەی هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ناوچەییەکان بگرێتەبەر و دەستپێکردنی گفتوگۆ راستەوخۆکانیشی لەگەڵ ئێران رەنگدانەوەی ئەو بڕیارەی دەسەڵاتدارانی ریازە.
لە لایەکی دیکەشەوە محەمەد بن سەلمان لە ناوخۆی وڵاتەکەی کار لەسەر ریفۆرم و کرانەوەی کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوە لە نەریتەکان و ئاراستەکردنی سعودیە بەرەو جیهانی سەردەم دەکات و لەو پێناوەشدا چەندین مافی بۆ ژنان گەڕاندوەتەوە و مەودای ئازادی و یەکسانی جێندەری فراوانتر کردوە.
بە هۆی ئەو چاکسازی و کرانەوەیەوە کەسایەتیە سەلەفیە خاوەند پێگە و دەستڕۆیشتوەکانی سعودیە تاڕادەیەک دژی وەستاونەتەوە.
بەردەوامی گرژییەکان لەگەڵ حکومەتی شیعەی ئێران، دەتوانێت زیاتر پێگەی ئەو سەلەفیانە لە سعودیە قایمتر بکات، هەر بۆیە کەمکردنەوە و کاڵکردنەوەی ناکۆکیەکان لەگەڵ ئێران دەتوانێت ترسی خەڵکی سعودیە لە تاران بڕەوینێتەوە و بەوەش چیتر پەنا نەبەن بۆ باڵە توندڕەوە سەلەفیەکان و ئەمەش بە تەواوەتی لەبەرژەوەندی محەمەد بن سەلماندا دەبێت.
لە لایەکی ترەوە بە پێچەوانەی ئێران کە سەرجەم توانا و سەرمایە مادی و مەعنەویەکانی خستوەتە خزمەت ئەجینداکانی لە ناوچەکە، سعودیە خواستێکی وەهای نییە کە هەرچی وزەیەتی بۆ ململانێ لە دەرەوەی سنورەکان تەرخان بکات.
هۆکاری ئەمەش رەنگە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هەنگاوێکی لەو چەشنەی حکومەتی سعودیە دەتوانێت لە ناوخۆی وڵاتەکەی بەرەوڕووی ناڕەزایەتی و گوشاری هاوڵاتیانی بکاتەوە.
گۆڕانکارییەکانی ناوخۆی ئێران
پچڕانی پەیوەندیەکانی ئێران و سعودیە بۆ سەرەتای ساڵی 2016 دەگەڕێتەوە، ئەو کاتەی کە لەبەرامبەر لەسێدارەدانی نەمەر ئەلنەمر کەسایەتی شیعەی سعودی، ژمارەیەک لە توندڕەوەکانی ئێران هێرشیان کردە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەی سعودیە لە تاران و مەشهەد.
هەرچەندە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا رابەری باڵای ئایینی کۆتا بڕیاربەدەستە، بەڵام هاتنە سەرکاری سەرۆککۆمارێکی سەر بە بنەماخوازان لە هەڵبژاردنی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵی ئێران مایەی نیگەرانی سعودیەیە، بەوەی رەنگە هەنگاو و کردەوەی توند بەرامبەر بە ریاز بنوێنێت.
بۆیە دوور نییە حکومەتی سعودیە بیەوێت بەر لە کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتی کۆماری حەسەن رۆحانی لەگەڵ کاربەدەستانی تاراندا لەسەر کۆتاییهێنان بە شەڕی یەمەن و چەند پرسێکی دیکە بگاتە رێککەوتن.
گۆڕانکارییە نێودەوڵەتیەکان
دوابەدوای هێرشە موشەکیەکەی حوسیەکان بۆ سەر دامەزراوەی نەوتی ئارامکۆ لە 14ی ئەیلولی 2019دا، کە زیانەکانی بە نزیکەی دوو ملیار دۆلار خەمڵێنران، ریاز داوای کاردانەی توندی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بەرامبەر بە ئێران، بەڵام وەڵامی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا بۆ ئەو داواکاریە لە ئاست چاوەڕوانی ریازدا نەبوو.
ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی سعودیە و بەدەنگەوە نەهاتنیان وەک پێویست، سعودیەی بێهیوا کرد، بێهیواییەک کە بەهاتنە سەرکاری ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی جۆ بایدن زیاتر بوەوە.
بایدن هەر لەگەڵ هاتنەسەرکاری هاوکارییەکانی بۆ شەری سعودیە لە یەمەن راگرت و دۆسیەی کارنامەی مافی مرۆڤی محەمەد بن سەلمانی هەڵدایەوە، بەتایبەتی لە پرسی کوژرانی جەمال خاشقچی رۆژنامەنوسی رەخنەگری شازادەی جێنشین، کە دوای چوونەناوەوەی بۆ کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ریاز چیتر نە خۆی و نە تەرمەکەی نەگەڕانەوە و پەنجەی تۆمەتیش بۆ محەمەد بن سەلمان رادەکێشرێت لەو تاوانەدا.
ئەوەی نیگەرانی سعودیەی زیاتر کردوە ئەوەیە کە جۆ بایدن و حزبەکەی کۆنترۆڵی هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی کۆنگرێسیان بەدەستەوەیە و دیموکراتەکان رژدن لەسەر گرتنەبەری هەنگاوی توند بەرامبەر بە پێشێلکارییەکانی بن سەلمان لە بواری مافی مرۆڤدا.
کۆی ئەم بابەتانە دەتوانێت هۆکار و پاڵنەری سعودیە بن بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران بە مەبەستی ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان، بەڵام ئاخۆ بە لەبەر چاوگرتنی لێدوان و هەڵوێستە توندەکانی دەسەڵاتدارانی تاران بەرامبەر بە ریاز لە چەند ساڵی رابردوو ئەوانیش هەمان خواستیان هەیە ؟ رەنگە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری ئێران وەڵامی ئەو پرسیارە زیاتر روون ببێتەوە.