Analysis of the events of the last 4 years in Kurdistan

During the last 4 years, Kurdistan witnessed many events, the most important of which was the referendum for the independence of the Kurdistan region.
The 2017 referendum failed, and as a result, half of Kurdistan’s territory was occupied by the Iraqi central government, and Turkey subsequently occupied large parts of Syrian Kurdistan.
In this report, I discuss how, in the absence of Kurdish forces and parties, each of Iran and Turkey have implemented their own plans for the past three years to defeat the referendum and occupy Kurdish areas and ultimately suppress the Kurdish movement.
I will publish all my reports in English soon.

پانۆڕامای خنكاندنی ریفراندۆم تا پساندنی به‌هێزترین ئه‌ڵقه‌

1

“به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی ئیستفزازی ئێران و توركیا و سوریا و عیراق بكه‌ین، ده‌یانتوانی به‌بێ ده‌نگی پایه‌كانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان دابمه‌زرێنن”.. “به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان بۆ موزایه‌ده‌ و بانگه‌شه‌ی سیاسی به‌كارهێنا نه‌توانرا هه‌نگاوی جدی بنرێت”..”كارێكیان كرد ئێستا خه‌ریكه‌ گه‌له‌ كۆمه‌كێی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ دژی كورد دروست ده‌بێت” [1].

ئه‌مانه‌ به‌شێك له‌ قسه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بوون له‌ 3 ی ئه‌یلولی 2016، له‌ كۆڕێكدا له‌ له‌نده‌ن، ناوبراو پێشتریش له‌ چه‌ند بۆنه‌ و وێستگه‌دا رای خۆی له‌سه‌ر ده‌وڵه‌تی سه‌ره‌به‌خۆ و پێشمه‌رجه‌كان به‌ راكاوی و بارگاوی به‌ لۆژیك و به‌دور له‌ ختوكه‌دانی هه‌ست خستبوه‌ به‌ر باس، له‌وانه‌ په‌یامه‌كه‌ به‌ بۆنه‌ی نه‌ورۆزی 2012[2] ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی لێره‌دا جێی مه‌به‌سته‌، هه‌ستكردنی ئه‌و سه‌ركرده‌ كورده‌ بوو به‌ مه‌ترسیه‌ك، به‌ ئاگا هێنانه‌وه‌ی دێوه‌كان.. به‌كرده‌یه‌كی كردنی مه‌ترسیه‌كی هێزه‌كی..

2

كه‌متر له‌ ساڵێك دوای ئه‌و وتانه‌ی، مه‌رگ مه‌ودای نه‌دا ئه‌و بڕیاره‌ و ده‌ره‌نجامه‌كانی ببینێت و هێشتا چله‌ی ته‌واو نه‌ببوو، كه‌ له‌ 7 ی حوزه‌یرانی 2017 نوێنه‌رانی حزبه‌كانی ناو په‌رله‌مان و حكومه‌ت، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا له‌ سه‌ڵاحه‌دین، دواجار بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆمیان دا، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی لانی كه‌م له‌ 2012 ه‌وه‌ به‌ زۆر به‌گه‌رمی باسی ده‌كرا[3].

3

بڕیاری ریفراندۆم هه‌ژان و شڵه‌ژانێكی گه‌وره‌ی له‌ گۆڕه‌پانی سیاسی هه‌رێم، عێراق و ناوچه‌كه‌ دروست كرد و هه‌ر زوو رووبه‌ڕووی ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تی بووه‌وه‌، له‌م نێوه‌دا ئێران و توركیا زیاترین كاردانه‌وه‌یان نیشاندا. ئه‌و دوو وڵاته‌ كه‌ تا ماوه‌یه‌ك به‌رله‌وه‌ به‌ هۆی پرسی سوریاوه‌ چاویان پێكهه‌ڵنه‌ده‌هات، به‌ڵام پاش بادانه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره‌ به‌ره‌و بلۆكی مۆسكۆ و تاران، به‌سته‌ڵه‌كی نێوانیان به‌ره‌و توانه‌ ده‌چوو، ئێستاش پرسی ریفراندۆمی باشوری كوردستان هه‌وێنێكی باش بوو بۆ زیاتر لێكنزیككردنه‌وه‌یان، له‌ 15 ی ئابی 2017 محه‌مه‌د باقری سه‌رۆكی ئه‌ركانی هێزه‌ چه‌كداره‌كانی ئێران و خلوسی ئاكار سه‌رۆكی ئه‌ركانی سوپای توركیا له‌ ئه‌نقه‌ره‌ كۆبوونه‌وه‌ و ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی دیداره‌كه‌یان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ و پرسی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی باشوری كوردستان و هه‌ماهه‌نگی نێوانیان له‌ سوریا بوو[4]

4

رۆژی 2 ی تشرینی یه‌كه‌می ئه‌و ساڵه‌، واته‌ هه‌فته‌یه‌ك دوای ریفراندۆمی 25 ی ئه‌یلول و دوو هه‌فته‌ی به‌ر له‌ رووداوه‌كانی 16 ی ئۆكتۆبه‌ر ئه‌و دوانه‌، باقری و ئاكار ئه‌مجاره‌ له‌ تاران كۆبوونه‌وه‌، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌، پاراستنی یه‌كپارچه‌یی عێراق و هه‌ماهه‌نگی نێوان له‌ سوریا قسه‌ و باسی نێوانیان بوو، به‌ بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاریه‌كانی بخه‌نه‌ڕوو، یان كورد كه‌ زۆرترین قسه‌كانیان په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بوون به‌دوایدا بچن[5].

دوو هه‌فته‌ دواتر له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا له‌ دیاله‌وه‌ تا موسڵ، سه‌رجه‌م ئه‌و ناوچانه‌ی به‌ده‌ست كورده‌وه‌ بوون له‌ ده‌ستی ده‌رهێنران، گه‌رچی رۆڵی راسته‌وخۆی ئێران له‌و بابه‌ته‌دا زیاتر خرایه‌به‌رباس، به‌ڵام توركیاش به‌ هه‌مان شێوه‌ ده‌ستی هه‌بوو، له‌ ورده‌كاریه‌كان و هه‌نگاوه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی ئاگاداربوو.

5

پێش دیداره‌كانی ئه‌و دوو به‌رپرسه‌ سه‌ربازیه‌ی تاران و ئنقه‌ره‌، هاوكات له‌گه‌ڵیان و دواتریش كۆبوونه‌وه‌ و دیداری مه‌كۆكی ئێران و توركیا و روسیا كه‌خۆیان به‌ سێ لایه‌نی بڕیارده‌ر له‌ سوریا ده‌زانن چ له‌ سه‌ر ئاستی سه‌رۆكی ئه‌و سێ وڵاته‌، چ له‌ئاستی به‌رپرسانی ئه‌منی[6]  و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوون و پرسێكی جێگیری بابه‌ته‌كانیان كورد بوو به‌ تایبه‌تی له‌ سوریا و مانگی تشرینی دووه‌می 2017 سوپا سالاری هه‌ر سێ وڵات له‌ شاری سوچی روسیا كۆبوونه‌وه‌[7].

6

نزیكه‌ی دوو مانگ دواتر و له‌مانگی كانونی دووه‌می ساڵی 2018 هێرشی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین ده‌ستیپێكرد، ئه‌مه‌ش به‌  گڵۆپی سه‌وزی روسیا و ئێران. سه‌رباری به‌رنگاربوونه‌وه‌ش شه‌ڕڤانان به‌ڵام پاش شه‌ڕێكی سه‌ختی نابه‌رابه‌ر له‌ مانگی ئاداری ئه‌و ساڵه‌دا شاره‌كه‌ كه‌وته‌ ده‌ست سوپای توركیا و گروپه‌ توندڕه‌وه‌ سوریه‌كانی هاوپه‌یمانی و په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فونی هه‌ردوو جه‌نگ سالاره‌كه‌ی توركیا و ئێران له‌و باره‌وه‌ ده‌رخه‌ری هه‌ماهه‌نگی ته‌واوه‌ [8].

7

هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌دا هاوكات له‌گه‌ڵ هاوئاهه‌نگیه‌ سه‌ربازیه‌كان، وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆی ئێران و توركیاش به‌رده‌وامبوون له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیان و توندوتۆڵكردنی په‌یوه‌ندی نێوانیان به‌تایبه‌ت له‌ پرسی توندكردنه‌وه‌ی رێوشوێنه‌كان له‌سه‌ر سنوری نێوانیان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ [9] و دواجاریش له‌ مانگی ئاداری 2019 و له‌سه‌روبه‌ندی تێپه‌ڕبوونی یه‌ك ساڵ به‌سه‌ر داگیركردنی عه‌فرین له‌ لایه‌ن توركیاوه‌، سوله‌یمان سۆیلۆ وه‌زیری ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ باس له‌ ده‌ستپێكردنی ئۆپراسیۆنی هاوبه‌ش كرد له‌گه‌ڵ ئێران له‌ دژی په‌كه‌كه‌، هه‌رچه‌نده‌ دواتر وه‌زاره‌تی ناوخۆی ئێران و هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ ره‌تیانكرده‌وه‌[10]، به‌ڵام هاتنه‌ ئارای چه‌ند پێكدادانێك له‌ نێوان هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی ئێران و هێزه‌كانی گه‌ریلا له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی نێوان رۆژهه‌ڵات و باكوری كوردستان له‌ مانگه‌كانی رابردوو ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ كرده‌وه‌ و به‌ بێ ئه‌وه‌ی رایبگه‌یه‌نێت ئێرانیش به‌شداره‌ له‌و ئۆپراسیۆنانه‌ و رۆژی 9ی ئۆكتۆبه‌ر هێرشی توركیا و گروپه‌ توندڕه‌وه‌ سوریه‌كان بۆ سه‌ر رۆژئاوای كوردستان ده‌ستیپێكرد، له‌ بێده‌نگی ئێران و روسیا و سوریا.

ئه‌مانه‌ ئاماده‌كاری بوون بۆ رووداوه‌كانی ساڵی 2020، كه‌ تیایدا توركیا ئۆپراسیۆنێكی به‌رفراوانی له‌ باشوری كوردستان و له‌ دژی په‌كه‌كه‌ ده‌سپێكرد و بێده‌نگی حكومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و ئێرانیش رێگه‌ی دا كه‌ توركیا بێ باكانه‌ به‌رده‌وام بێت له‌ هێرشه‌كانی و له‌ هه‌ندێك ناوچه‌ به‌ قوڵایی 40 كیلۆمه‌تر بێته‌ ناو خاكی هه‌رێمه‌وه‌ و زیاتر له‌ 30 بنكه‌ی سه‌ربازی گه‌وره‌ و بچوك بكاته‌وه‌ و روبه‌رێكی فراوان داگیر بكات و له‌ قۆناغی داهاتووشدا به‌ هاندانی ئه‌نقه‌ره‌ پارتی دیموكراتی كوردستان كه‌ بانگه‌شه‌كاری ریفراندۆم بوو، خۆی بۆ شه‌ڕی دژی په‌كه‌كه‌ ئاماده‌ ده‌كات وه‌ك جۆن بۆڵتۆن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مریكا رایگه‌یاند، توركیا ئه‌گه‌ر به‌شه‌ڕ به‌سه‌ر په‌كه‌كه‌دا سه‌رنه‌كه‌وێت، پشت به‌ پلانی بی ده‌به‌ستێ، ئه‌ویش شه‌ڕی كورده‌ دژ به‌ كورد، به‌مه‌ش به‌هێزترین ئه‌ڵقه‌ی بزوتنه‌وه‌ی كورد هه‌ر له‌لایه‌ن كورده‌وه‌ ده‌كرێته‌ ئامانج و ئه‌مه‌ش سه‌ره‌تای هه‌رس هێنانی به‌شه‌كانی تری ئه‌و جوڵانه‌وه‌یه‌، ئاكامه‌كه‌شی لاوازبوونی زیاتری قه‌واره‌ی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت له‌ناوچوونیه‌تی.


[1] http://www.westganews.net/dreja.aspx?=hewal&jmara=25643&Jor=1

[2] https://www.youtube.com/watch?v=o6-85bIMwSk

[3] http://www.xendan.org/detailnews.aspx?jimare=24964&babet=1&relat=1024

[4] https://bit.ly/2JAIzTz

[5] https://www.radiofarda.com/a/turkey-mil-joint-head-arrived-in-tehran/28768187.html

[6] https://bit.ly/2xKtZTS

[7] http://fa.alkawthartv.com/news/104858

[8] https://bit.ly/30xXdl9

[9] https://bit.ly/2LhA0jE

[10] https://bit.ly/30wsWDg