The Kurdistan Human Rights Association said that last month, six border workers (Kolber) were shot dead by Iranian military forces, 27 Kurdish civil activists were arrested and six prisoners were executed.

Since the beginning of this year, 58 kolbers have been killed, 217 Kurdish civil activists have been arrested by Iranian security forces, and 37 Kurdish prisoners have been executed.

My latest report on NRT:

لەنوێترین ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا ئاماژە بە کوژرانی شەش کۆڵبەر و لەسێدارەدانی شەش زیندانی کورد دراوە لە ماوەی مانگی ١٠ی ئەمساڵدا، هەر وەک ئەوەش خراوەتەڕوو کە هەڵمەتی دەستگیرکردنی چالاکوانانی کورد لەو مانگەدا بەردەوام بووە.

کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان کە رومالی رەوشی مافەمانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، لە راپۆرتی مانگانەی خۆیدا سەبارەت بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەکردووە، کە لە مانگی رابردوودا شەش کۆڵبەر و کاسبکاری کورد بە تەقەی هێزە سەربازییەکانی ئێران کوژراون و ١١ کۆڵبەر و کاسبکاری کوردیش برینداربوون.

کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران دۆسیەیەکی کراوەیە لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بە هۆی خراپی دۆخی ئابوری لەو بەشە و نەبوونی هەلیکار بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچە سنورییەکان روویان لە کۆڵبەری کردووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٥٨ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد کوژراون و ١٤٨ کۆڵبەر و کاسبکاریش برینداربوون.

بەشێکی تری راپۆرتی ئەو رێکخراوەیە تەرخان کراوە بۆ پرسی گرتن و دەستبەسەرکردنی چالاکوانان و لەو رووەوە ئاماژە بەوەکراوە، کە لە مانگی ١٠ ی ئەمساڵدا ٢٧ چالاکوانی سیاسی و مەدەنی دەستبەسەرکراون و بەشێکیان بەرەوڕووی ئەشکەنجە و ئازاردان بوونەتەوە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤ ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەرەتای ئەمسالەوە ٢١٧ چالاکوانی کورد لەلایەن هیزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە دەستگیر و راپێچی گرتووخانە کراون.

ئێران لەدوای چین دووەم  وڵاتی جیهانە لە رووی زۆریی ژمارەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانەوە و لەو رووەشەوە لە راپۆتەکەدا سەبارەت بە جێبەجێکردنی ئەو سزایە لە رۆژهەڵاتی کوردستان باس لەوەکراوە، کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا شەش هاوڵاتی کورد بەتۆمەتی جیاجیا لە سێدارەدراون و بەوەش ژمارەی ئەو کوردانەی لەسەرەتای ئەمسالەوە سزای مەرگیان بەسەردا جێبەجێکراوە، گەیشتوەتە ٣٧ کەس.

دیوێکی تر رەنگدانەوەی قەیرانی قوڵی ئابوری و دارایی لەسەر هاوڵاتیانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵکشانی ئاماری خۆکوشتنە و لەو بارەیەشەوە لە راپۆرتەکەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستاندا هاتووە، کە مانگی رابردوو سێ پیاو و ژنێک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و بەوەش لەسەرەتای ئەمساڵەوە ٥٨ کەس لە رۆژهەلاتی کوردستان خۆیان کوشتووە، کە هۆکاری بەشێکیان هەژاری و دەستکورتی بووە.

ئەو رێکخراوە جەختی لەوەشکردۆتەوە، کە بەهۆی رێگرییەکانی حکومەتی ئێران لە چالاکی رێکخراوە سەربەخۆکانی چاودێری رەوشی مافەکانی مرۆڤ ئەو ژمارانە بەشێکی کەمی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤە لە رۆژهەڵاتی کوردستان.